Monday 28 November 2011

کەناڵی ئێن ئاڕ تی داوای لێبووردنی کرد



دوای ئەوەی گوتەبێژی دەستگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر چاوپێکەوتنەکەی (دڵدار زێباری) لە کەناڵی nrt بڵاو کردەوە، کەناڵی ناوبراو لە ڕوونکردنەوەیەکدا داوای لێبووردنی کرد. 

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو کەناڵی “ئێن ئاڕ تی” چاوپێکەونێکی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (دڵدار زێباری)ـدا ساز دا. 

ناوبراو لە میانەی چاوپێكەوتنەكەدا هەندێک بیروبۆچوونی خۆی لە بارەی ڕووداوە مێژووییەکانەوە خستە ڕوو، هەروەها ئاماژەی بە ململانێی مێژووییەکانی خۆیان دا.


گوتەبێژی دەستگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، لە لێدوانێکدا ڕایدەگەیەنێت: “لە کاتێکدا هێشتا سەدان پێشمەرگە و قارەمانی بەشداربووی ڕۆژانی سەختی خەبات لە ژیاندا ماون و دنیایەک حیکایەتی سەربەرزی و ئازایەتی و خەم و ئازاریان لە لایە كە بۆ نەوەکانی ئێستا و ئاییندەمان بیگێڕنەوە، کەچی کەناڵی nrt دیمانە لەگەڵ کابرایەکی خۆفرۆش دەکات کە جگە لەوەی لە ڕابروودا بەشداریی ئەنفالی کردووە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیشدا فیدراڵییەتیش بە هەرێمی کوردستان بە ڕەوا نابینێ.”

ئەو هەر لەو لێدوانەدا دەڵیت: “ئەو کابرایە ئەگەر لە خەمی نووسینەوەی مێژووی گەلەکەیدا بووایە، بەشداری لە ئەنفالکردنی ڕۆڵەکانیدا نەدەکرد و تا دواسات لە سەنگەری داکۆکیکردن لە ڕژێمی فاشیدا نەدەمایەوە و تا هەنووکەیش داکۆکیی لە فیکری بەعس نەدەکرد و دژی مافە ڕەواکانی کورد و کوردستان نەدەبوو.”

دوای لێدوانەکەی دەستگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان، nrt ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: “بیروبۆچوونەکانی ناو ئەو بەرنامەیە گوزارشت لە بیروبۆچوونەکانی کەناڵەکە ناکات و تەنیا میوانەکان خۆیان لێی بەرپرسیارن و بەرپرسیارێتیی ناوەڕۆکەکەی هەڵدەگرن.”

هەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا ئاماژە بەوەیش دراوە: “هەرچەندە nrt هەندێک لەو بڕگانەی لەناو بەرنامەکەدا هاتبوو سانسۆر کردبوو کە ناوهێنان و ئاماژەی شەخسیی تێدا بوو تا هیچ بریندارێکی دیاریکراوی لێ نەکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر هەندێک بڕگەی وا لێک درابێتەوە کە لەکەدارکردنێکی خەباتی بارزانییەکانی تێدایە یا بە جۆرێک کەمکردنەوە بووە بۆ ماندووبوونی خەڵکانێک کە ساڵانێک لە پێشەوەی خەباتی نەتەوایەتیدا بوون، ئەوا nrt بێ سێ و دوو داوای لێبووردن دەکات.”


   

No comments:

Post a Comment