Thursday 24 November 2011

رۆژی 25ی نۆڤەمبەر ئاوازێك بۆ ئازادی


رۆی (25)نۆڤەمبەر بووەتە رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، لە رۆژی 25ی نۆڤەمبەری ساڵی 1960دا خۆشكانی میراباڵ (پاتریشیا، مینراوو تێرێزا)كاتێك لە چاوپێكەوتنی مێردە زیندانییەكان دەگەڕانەوە لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی نهێنی ژەنەراڵ (ترۆجیلۆ)ی دیكتاتۆری ئەو كاتەی دۆمینیكانەوە ناسرابوو رفێنرانو راپێچی كیڵگەكانی قامیشە شەكرو شوێنی ئەشكەنجەدانی ئەو رژێمە كرانو بەشێوەیەكی دڕندانە كوژران.

لە 17ی دیسەمبەری ساڵی 1999دا كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیاری 134/54رۆژی 25ی نۆڤەمبەر بە دروشمی (پەروانەكان)دروشمی: (خودا، ترۆجیلۆیان داگرت)ئەو رۆژەیان هەڵبژارد بۆ رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنانو داوایان لە وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانو رێكخراوەكانی ناحكومیەكان كرد لەو رۆژەدا چالاكییەكانیان رێكبخەن بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی خەڵكی سەبارەت بە گرفتی گەورەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، هەڵبژاردنی ئەو رۆژەش لەلایەن ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەوە شتێكی هەر لە خۆوەو بێپێشینە نەبوو، چونكە پێشتر هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ژنان رۆژی 25ی نۆڤەمبەریان بە یادی خوشكانی میراباڵەوە كردبووە رۆژی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنانداو چالاكی جیاجیایان رێكدەخست، ئەوەبوو پاشتر رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو رۆژی بەرەسمی ناساندو بە یاننامەكەی رێكخراوەكەش بە ناونیشانی (پەپولەكان دروشمی خودا، ترۆجیلۆیان داگرت)بوو، بەڵام بۆ چەند ساڵی رابردوودا بۆ ئەوەو دوا ناوی خوشكانی (میراباڵ)وەك ژنانێك كە لە دژی دیكتاتۆریەتێكی توندوتیژ ئاڵای رووبەڕووبوونەوەو ئازادیخوازیان هەڵكرد زیاترو زیاتر دەناسرێن لە دۆمینیكانیش كە زێدی ئەو خوشكانەیە خوشكانی میراباڵ بە قارەمانانی نەتەوەیی دانراون یادی ئەو خوشكانە لە دوای مردنیشیان بووەتە ئیلهامبەخش بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەو خەباتی دیكە لە پێناوی بەدیهێنانی ئازادیو دیموكراسی.
خەباتی ئەوان ئیلهامبەخشی بزووتنەوەی 14تەمووزی دەیەی 60بووكە (لاماریپۆزا)واتە پەپولەكان لە ناویدا كاریاندەكردو خوشكانی (میراباڵ)یش ئەندامی ئەو باڵەی بزووتنەوەكە بوون، مانولۆ مانوێڵ تاوارز هاوسەری مینراو ئەندامی حزبی سۆسیالیستی گەلو رابەری بزوتنەوەی ئازادیبەخشی (دۆمینیكان)بوو كە بە ئیلهام وەرگرتن لە بزوتنەوەی 14تەمموزی رۆڵی مینراو لەناو ژەنراڵ گارسیا ترۆجیلۆی سەرۆكی دەزگای ئەمنییەت لە بارەیەوە وتبووی ئەوە ئەو ژنە (مینروامیراباڵ)بوو كە تووی ئەو كەلتورەی (كەلتوری شۆڕش)ی لەبیری (تاورارز خۆستۆ)ی هاوسەریدا چاند، ئەو تووشی نەخۆشی چەپرەی رادیكاڵی بووە كە بەهۆیەوە خۆشی لە ناوبردو خێزانەكەشی گرفتاری ئەو تراژیدیایە كرد، بەڵام سەربوردەی ئەو خوشكانە ئەوە نیشاندەدات كە هەرچەندە (میروا میراباڵ)خەباتكەرێكی سەرسەخت بووە، بەڵام خودی ئەو حكومەتە دیكتاتۆرەی (ترۆجیلۆ)بە سیاسەتو دەرەئەجامەكانییەوە ئەندێشەی شۆڕشو خەباتی لە دژی دیكتاتۆریەتی لەلای خوشكەكانی مینراوو مێردەكانیان دروستكرد، ئەو خوشكانە لە خێزانێكی مامناوەند بوون، ەڵام حكومەتەكەی (ترۆجیلۆ) وەك هەموو دیكتاۆرە توندرەوەكانو سیاسیەتە شێت ئاساكانی وایكردبوو سنوری دەستدرێژی كردنەسەر مافەكانی هەموو چینو توێژەكان ببەزێنێت، تەنانەت كەسانی چینە باڵاكان كۆمەڵیش لە گورزەكانی ئەو بێبەش نەبوون، كێڵگەو كشتوكاڵو بازرگانی وڵات لە دەستی خێزانی ترۆجیلۆدا بوو، ئەوان سامانێكی زۆرو زەوەندیان كەڵەكە كردبوو، بەشێكی زۆری ئەو سەروەتو سامانەشیان رەوانەی بانكەكانی دەرەوە كردبوو، خوشكانی میراباڵ كە چوار خوشك بوون، بەهۆی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر باوكیانو خاڵیانو ئەندامانی تری خێزانەكەیاندا هاتبوو، بوونە هەواداری بزووتنەوەی دژە تروجیلیستە، دواتریش تێكەڵی ئەو بزوتنەوەیە بوون.
لەو تاوانانەشی سەرۆك ئەنجامی داوە، رەشەكوژی (2000)كەسو هەندێك سەرچاوەش دەڵێن (3000)كرێكاری خەڵكی هایتی لە ئەستۆدایە كە لەساڵی 1937دا بەرامبەر كرێكارانی كارگەكانی قامیشی شەكر ئەنجامی داوەوناوی پایتەختی (دۆمینیكان)ی لە (سانتۆدۆمینگۆ)وە كردووە شاری (ترۆجیلۆ)و لەو شارەدا چەندین تابلۆی گەورە گەورەیان داناوە كە لەسەریان نووسیوە (خوداو ترۆجیلۆ).
لە دواجاریشدا دەگەڕێنەوە سەر باسی خوشكانی میراباڵ كە ئەمانە لە هەلومەرجێكدا لە دژی دیكتاتۆریەتی وڵاتەكەیان خەباتیان كردووە كە گەیشتن بەسەركەوتن لە خەیاڵی هیچ كەسێكدا جێگەی نەدەبووەوە.
ترۆجیلۆ بەو هێزی پاسەوانی میللییەی كە بە SIMناسرابوو وەك هێزی نهێنی وابوو خۆی تەیاركردوو ئامێرەكانی ئەو هێزەش ئامێری سەركوتكردن بوو، كارە نامرۆڤەگانی ترۆجیلۆ رۆژانە زیاتر زیاتر دەبوو.
رفاندنی خوشكانی میراباڵ
هێزەكانی ئەمنییەتی ترۆجیلۆ ئاگادار كرابوونەوە كە بزووتنەوەی بەرەنگاری نەخشەیەكی هەیە بۆ تیرۆركردنی ترۆجیلۆ بەم هۆیەوە هەڵمەتی دەستگیركردنی سەرتاسەریی لەناو ریزەكانی ئەو بزووتنەوەیەدا دەستی پێكرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی نێو دەوڵەتییەوە سەرەتا زیندانییە ژنەكان ئازادكران پاشان هەندێك لە پیاوە دەستگیر كراوەكانیش، بەڵام مێردی دوو خوشك لە خوشكانی میراباڵ هێشتا لە زیندانیدا مابوون، خوشكانی میراباڵیش چوونە سەردانو چاوپێكەوتنی مێردەكانیان لە رێگایاندا بۆ زیندان لەلایەن دەزگای پۆلیسی نهێنی (SIM)رفێرانو راپێچی شوێنی ئەشكەنجە كرانو دواتریش لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان سپارد پاشان ئەو هێزی پۆلیسی نێهنییە ئۆیۆمبێلەكەیانی لە نزیك زیندانەكەوە فرێدایە ناو دۆڵیكەوە.
ترۆجیلۆی دیكتاتۆر یەك ساڵ دوای ئەو تاوانەی ژیا، بەڵام ناوی خوشكانی میراباڵ هەر زیندووە، ئێستا لە دۆمینیكان مۆزەخانەیەك بە یادی ئەو خوشكانەوە دروستكراوە، تەنها خوشكێكیان لە ژیاندا ماوە كە لە نزیك مۆزەخانەكەوە دەژی لە جێگەی ئەو ستوونەی كە ترۆجیلۆ یادگاری خۆی لەسەر دروستكردبوو یادگارییەك دروستكراوە بە ناوی (ئاوازێك بۆ ئازادی)كە لەسەرتاسەری جیهانەوە خەڵك دەچن بۆ سەیری، یادو یادگاری خوشكانی میراباڵ لە ئەمریكای لاتیندا بووەتە ئیلهامبەخشی خەبات لە دژی دیكتاتۆریەت لە سەرانسەری جیهاندا.

No comments:

Post a Comment